هەڵمەت و پرۆسەی لە ئیسلام كردنی كورد:

د: عبدالكریم

 

ماوەیەكی زۆرە پلانێكی داڕێژراو بەرپا كراوە لە كوردستاندا بۆ لەئیسلام كردنی كورد،سەرەتا لەسەر دەستی چەپ وماركسییەكان ودواتر لەسەر دەستی ناسیۆ نالیستی كوردی و ئێستاش هەردوكیان پێكەوە و بەهاوكاری هەندێك دام ودەزگای بیانی و بە پشت ئەستوری هێزە هاوپەیمانەكان كە كەش وهەوایەكی باشیان سازاندوە بۆ سەر گرتنی ئەو پرۆسەیە.

ئەم پلانەش یا ئەم پرۆسەیە زۆر شاراوە نییە بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا زۆرێك لەموسوڵمانان هەستیان پێ نەكردووەو خۆیان وخەڵكی تریش بەوە دڵخۆش دەكەن كە گوایە كورد میللەتێكی زۆر موسوڵمانەو هیچ هێزیك و هیچ

هزرێك ناتوانێ دایبرێ لەئیسلام وەكو ئەوەی كەئیسلام بریتی نەبێت لەكۆمەڵێك بیرو بۆچوون وئایدیۆلۆژیا (تصورات عقائدیە) كەئەگەر كەسێك باوەری پێیان نەما ئەوە مافی بەسەریەوە نامێنێت، یان بریتی نەبێت لەكۆمەڵێك دروشم وپەرستش (شعائر تعبدیە) كە ئەگەر كەسێك بەر پای نەكردن ئەوا موسوڵمانێتییەكەی لەق دەبێت، وە ئەگەر باوەری پێیان نەما یان گاڵتەو سوكایەتی پێكردن ئەوا هیچ مۆركێكی موسوڵمان بوونی پێوە نامێنێت . وەیان بریتی نەبێت لەكۆمەڵێك ئەحكام وتەشریعات (یاساو دەستور)كەئەگەر كەسێك بەرپای نەكرد موسوڵمانێتییەكەی لەق دەبێت یان باوەری پێ نەماو گاڵتەی پێكردو بەشیاوی نەزانی بۆمرۆڤایەتی وبۆئەم سەردەمە ئەویش مۆركی ئیسلامەتی پێوە نامێنێت .

ئیسلام خوێنی لەش نییە نەگۆررێت وەیا رەنگی پێست نییە بەجارێك

هەمووی لێ نەكرێتەوەو نەگۆررێت بەڵكو وەك وتم كۆمەڵێك بیرو باوەر و

عیبادەت وئەحكامی شەرعی وبەهاو رەوشتە دەكرێت مرۆڤ باوەڕی پێیان نەمێنێت وبەرگی ئیسلامەتی لەخۆی دابرنێت. موسوڵمان بوون نەتەوە نییە

گۆرینی ئاسان نەبێت بەڵكو مەسەلەیەكە وابەستەیە بەعەقڵ وئیرادەی خودی

مرۆڤەوە كە دەتوانێت لەیەك ساتدا بەچەند بار بۆچوون وقەناعەتی خۆی بگۆڕێت، ئیتر ئەم سەرلەناو لم نان وخۆ هەڵخەڵەتاندنە لە پای چی؟

هەنگاوەكان :

ئەم پرۆسەیەش ئەوەندە فراوان وگشتگیرە دەتوانی ناوی لێ بنێیت هەڵمەتی لەئیسلام كردنی كورد یان هەڵمەتی دابرینی كورد لەئیسلام كەئەمانەی خوارەوە هەندێكن لەهەنگاوەكانی :

1-   سەرەتا بەناوی ئازادی رادەربرین وئازادی بیرو باوەڕەوە زەمینە خۆش دەكرێت بۆئەوەی هێرش بكرێتەسەر هەموو پیرۆزییەك وهەموو بەهاكان بخرێنە ژێر چەقۆی نەشتەر گەری ڕەخنەو ڕەخنە كارییەوە، مەبەستیش بەپلەی یەكەم موقەدەساتی ئیسلام وبەهاكانیەتی كەئێستا قسە لەسەر هەموو چەمكەكانی دەكرێت بەوپەڕی ڕەهایی و بێ سنووری، لەكاتێكدا كەهەندێك شتی تر هەیە بۆهیچ كەسێك نییە پەنجەی ڕەخنەی بۆدرێژ بكات ئەمەش پێویستی بەنمونە هێنانەوە نییەچونكە لای هەمووكەسێك ڕوونە .

2-   شێواندن وناشرین كردنی مێژووی ئیسلام بەتایبەتی مێژووی فتوحاتی ئیسلامی ونیشاندانی لەشكری ئیسلام بەلەشكرێكی داگیركەر كەبۆمەبەستی دەست كەوتی دونیایی هاتبێت و تاوانبار كردنی بەوەی خەڵكیان كوشتبێت وماڵ وسامانیان بەتاڵان بردبێت و ژن ومنداڵیان ئەنفال كردبێت و شارو دێهاتەكانیان وێران كردبێت، وە بانگەشەی ئەوەی كەگوایە كورد بەخۆشی خۆی نەبووە بەموسوڵمان وەبە ویستی خۆی باوەشی بۆ ئیسلام نەگرتۆتەوە بەڵكو دژی لەشكری ئیسلام جەنگاوەو لەدواییشدا بەزۆر كراوە بەموسوڵمان . ئاشكراشە ئەم قسانە چەند كاریگەرییان لەسەر خەڵكی هەیەوچۆن وایان لێدەكات لەجیاتی ئەوەی شانازی بەئیسلامەوە بكەن و ستایشی پیاوانی ئیسلام بكەن، بەچاوێكی دوژمنانە تەماشای خۆی و لەشكرەكەی بكەن، وەهەر لەچوار چێوەی ئەم هەوڵەدا سود لەزوڵم وستەمی رژێمی بەعس وەردەگرن ودەیانەوێ قەناعەت بەخەڵكی بكەن كەسوپای ئیسلام هەمان رەفتارو ئاكاریان هەبووە بەرامبەر بە خەڵك لەكاتێكدا كەجیاوازی نێوان سوپای ئیسلام وسوپای بەعس و بیرو باوەری ئیسلام وبیرو باوەری بەعسی شۆڤێنی هێندەی جیاوازی نێوان ئەرزو ئاسمانە، وەئەوەندە ئاشكرایە كەبەیەك تێڕوانینی خێرا دەردەكەوێت . ئەوەتا كوردستان نزیكەی (1300) ساڵ لەژێر فەرمانرەوایی ئیسلامدا هیچ داروبەردێكی لەجێی خۆی لانەبرا و هیچ شارو دێهاتێكی تەعریب نەكرا بەڵام لەماوەی (25) ساڵ لە فەرمانڕەوایی بەعسی(سوشیالیستی_عە لمانی) هەرچی شارۆچكەو لادێ هەبوو هەمووی ڕوخێنرا و زۆرێك لەعەشیرەت وتایفەكانی بە زۆر بەعەرەب كران .

3-   شێواندن وناشرین كردنی كەسایەتی پێغەمبەر(د.خ) ویارانی و جێنشینانی،كە چەندین كتێبم لەبەردەستە لەهی نوسراو و وەرگێڕراو هەمووی بۆئەم مەبەستەیە. ناشرین كردن وگاڵتە پێكردنەكەش تەنها بەهەندێ هەڵوێست و رەفتاریانەوە نەوەستاوە بەڵكو باڵی كێشاوە بۆناو و شوهرەتیشیان وەكو ئەوەی كەهەندێ كەس لەكۆڕو كۆبوونەوەكانیاندا دەیكەن لەگۆڕینی ناوی صەحابەكان بۆكوردی بە مەبەستی پێكەنین وگاڵتە پێكردنیان .

4-   گاڵتە كردن بەچەمكەكانی (فریشتەو جنۆكەو بەهەشت ودۆزەخ وحۆری و ڕیش وحیجاب و....هتد) .

5-   گاڵتە كردن بەشەریعەتی ئیسلام وناوزەد كردنی بەوەی كە شەریعەتێكە بۆسەردەمێك ومیللەتێكی ڕەشۆكی و عەشایەری تێنەگەیشتوو دانراوە و بۆئەمڕۆ ناشێ، وەتاوانبار كردنی ئەوانەی بانگەشەی بۆدەكەن بەكۆنەپەرست و وەسف كردنی سەردەمەكانی فەرمانڕەوایی ئیسلامی بەسەردەمی تاریكی و خەڵەفاوی و . هتد . ئەمەش نمونەی ناوێت چونكە رۆژ نییە لەهەندێك لەمیدیاكانی كوردستانەوە بەدەیان جار نەدرێتەوە بەگوێی هاووڵاتیاندا .

6-   گومان دروست كردن لەدڵی خەڵكیدا بەرامبەر بەقورئان بەوەی كەدانراوی موحەممەد(د.خ) خۆیەتی ودەسكاری كراوەوگۆڕانكاری تێدا كراوەو هەڵەی تێدایەو لێی لابراوەو . هتد. كتێبی خوێن نامەش بەڵگەیەكە لەسەر ئەم قسەیە.

7-   گاڵتە كردن بەڕۆڵی مزگەوت وتاوانبار كردنی بەوەی كە سەرچاوەی توند ڕەوی وتیرۆرو تۆقاندنە وهەوڵی نەهێشتنی كاریگەری لەسەر خەڵك و هاندانی باوكان ودایكان بۆئەوەی ڕێگە لە منداڵانیان بگرن لەچوونە مزگەوت. ئاشكراشە كەمزگەوت شوێنی فێربوونی خوا پەرستی و موسوڵمانێتی و ڕەوشتی ئیسلامییە كەلە هیچ جێگەیەكی تر خەڵك بەو شێوەیە فێری ئەوشتانە نابن .

8-   نەهێشتنی دەرس و وانەی مزگەوتەكان و كەمكردنەوەیان لەوتاری هەینی و ڕۆژانی عەسری مانگی ڕەمەزان و ڕێگرتن لەغەیری ئیمامی مزگەوتەكان بەوەی وانە بڵێنەوە یان وتار بێژی بكەن .

9-   گۆڕینی زۆرێك لەخوتبەخوێنی مزگەوتەكان و دانانی كەسانێكی سەر بەدەسەڵات یان هێشتنەوەی ئەوانەی كەئاستی زانیارییان نزمە یان كاریگەرییان لەسەر خەڵكی كەمە ودیاری كردنی بابەتی وتارەكانیش بۆیان.

10- گۆڕینی كتێبەكانی پەروەردەی ئیسلامی هەموو ئاستەكانی خوێندنی سەرەتایی وناوەندی وئامادەیی بەشێوەیەك كەنەشارەزایی بەرامبەر بەئیسلام دروست بكات و دڵی قوتابی بەرامبەر خوا وپێغەمبەرو موسوڵمانان وئیسلام سارد و سڕ بكات لەگەڵ ڕاسپاردنی وتنەوەی وانەكانی ئایین بەكەسانی ناپابەند بەڕێنماییەكانی ئیسلامەوە.

11- هەوڵی تێكەڵ كردنی كوڕان وكچان لەهەموو ئاستەكانی خوێندن بێ ڕەچاو كردنی تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری و زەرەرو زیانی ئەو تێكەڵاوییە *.

12- هاندانی پەیوەندی ناشەرعی ودەركردنی یاساو ڕێنمایی تایبەت بۆپاراستنی ئەو كەسانەی لەڕێگەی ناشەرعییەوە بەیەك دەگەن و زیاد كردنی ئەو شوێنانەی ئەم جۆرە كارانەیان تیادا ئەنجام دەدرێت و پاراستنیان . ئاشكراشە كەخەڵك ڕووی لەمەشروب خۆری وپەیوەندی ناشەرعی كرد ڕوو لەدین وەردەگێڕێ چونكە ئیسلام وەكو ئایین وڕێبازەكانی تر نییە تەنها لایەنی عەقیدەی مەبەست بێت وكاری بەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵكەوە نەبێت .

(*):لەسەرەتای مانگی (4-2006) دا لەگەرمەی تەنگژەی سیاسی عێراق، پەرلەمانتارێكی كوردستان هاتبووە زانكۆی كۆیەو كۆڕێكی گرتبوو لەسەر هۆكارەكانی لاوازی پەیوەندی نێوان كوڕان وكچان لەزانكۆكاندا . بڕوانن لەو كاتە هەستیارەدا هەموو غەم وپەژارەیەكی پەرلەمانتارێك ئەوەیە كە بزانێ بۆچی كوڕان وكچان پەیوەندیان لاوازە، لەجیاتی ئەوەی لەكێشەی نزم بوونەوەی ئاستی خویندكارەكان بكۆڵێتەوە یان باسی باری سیاسی عێراق بكات كەچی غەمی ئەوەیەتی !.

 

13- بایەخ دانی لەڕادەبەدەر بەبۆنە نیشتمانی ونەتەوەیی ونێو نەتەوەییەكان وپشت گوێ خستنی بۆنە ئیسلامییەكان بەجۆرێك كە زۆر جار بۆنەیەكی ئیسلامی گەورە وەك لەدایك بوونی پێغەمبەر (د.خ) یان هیجرەتی دێتە پێشەوەو دەكرێتە پشوو بێ ئەوەی باسی لێبكرێت یان خەڵك بزانێت چییە ؟! شایەنی باسە ئەم ساڵ لەناو هەموو بۆنەكاندا زانكۆی كۆیە تەنها ڕۆژی لەدایك بوونی پێغەمبەری نەكرد بەپشووی رەسمی .

14- ڕێگە خۆشكردن بۆبڵاو بوونەوەی هەموو فیكرەو ئایین ومەزهەبێك لە كوردستاندا كەلەگەڵ ئایین ومەزهەبی كورددا جیاوازە بەتایبەتی ئایینی زەردەشتی كەدەیانەوێ كوردی بۆبگێڕنەوە بەبیانووی ئەوەی كەئایینی كۆنی میللەتی كورد بووە بێ ڕوانینە خودی ئایینەكەو بنەماكانی وڕاستی وناڕاستییەكەی، وەكو ئەوەی ئایین سامانێك یان كەلەپورێكی نەتەوەیی بێت نەك بەرنامەیەك بۆبەدەست هێنانی خۆشی وبەختەوەری مرۆڤایەتی لە دونیاو دواڕۆژ دا.

15- هەوڵی گۆڕینی پیتەكانی ڕێنوسی كوردی لەپیتی عەرەبییەوە بۆلاتینی هەرچەند پیتە عەرەبییەكان زیاتر لەگەڵ زمانی كوردیدا ڕێك وگونجاو ترن، ئەمەش بۆئەوەیە كە نەوەی داهاتوو لەقورئان وسەرچاوەكانی تری ئیسلام داببڕن وخەڵكی بەئاسانی لەئیسلام تێنەگەن وفێری نەبن .

16- چەواشە كردنی ئافرەتان وناشرین كردنی هەڵوێستی ئیسلام لەئافرەت وڕەخنەگرتن لەو تەشریعاتەی ئیسلام دایناوە بۆڕێكخستنی پەیوەندی نێوان پیاو و ژن، كتێبی (سیكس و شە رع و زن) نمونەیەكی ئەم هەوڵەیە .

17- ناشرینكردنی ئیسلام لەڕێگەی زنجیرە تەلەفزیۆنییەكانەوە بەتایبەت ئەوانەی لەم ماوەی دواییەدا پیشاندران كەهەموو هەوڵێكی ناشیرین كردنی پیاوی دیندارو حاجی وتۆمەتبار كردنیان بەڕەزیلی و چاوچنۆكی ودڵ و زمان پیسی ومامەڵە ڕەقی و. هتد لەبەرامبەر ئەوەشدا پیاهەڵدان بەشان وباڵی پیاوی مەشروب خۆرو نیشاندانیان لەشێوەی پیاو چاكی دەست ودڵ جوان وخۆش مەعشەری لێبوردەو. هتد. هەروەها هاندانی لاوان بۆدڵداری و عەشق بازی بێ گوێدانە ئاكامە نەخوازراوەكانی ئەو پەیوەندییانە .باشترین بەڵگەش زنجیرە تەلەفزیۆنی ئاریایە كە زۆر بە ڕاشكاوی هێرش دەكاتە سەر مەلاو مامۆستای ئایینی و هەرچی قسەی نەشیاو هەیە پێیان دەڵێت .

18- پێداگرتن لەسەر هێشتنەوەی زاراوەی (ئەنفال) وبەناشرینیش بەمەبەستی ناشرینكردنی ئیسلام، لەكاتێكدا كەباش دەزانن ئەوەی حكومەت كردی زاراوەی ئەنفالی ناسەپێ بەسەردا، چونكە ئەوەی ئەوان جینۆسایدو بێسەرو شوێن كردنی پیاو و ژن ومنداڵ وزیندە بەچاڵ كردنیان بوو، بەڵام (ئەنفال) بریتییە لەودەستكەوتانەی كەلە شەڕی نێوان موسوڵمانان وكافراندا چنگ دەكەوێت . من دڵنیام كە لێپرسراوان ئەم ڕاستیە دەزانن ودەشزانن كەسیاسەتی حیزبی بەعسی عەلمانی وابوو ناوی صەحابەو بۆنە ئیسلامییەكان هەڵبژێرێت بۆچەك وزیندانی وهەڵمەتە سەربازییەكانی بۆسەر كوردستان وناوی ئیمامەكانی شیعە وەكو حوسێن وعەباس بنێت لەو موشەكانەی دەیناردە سەر ئێران، یەكەم بۆڕق هەڵساندنی خەڵك لەوناوانەو دووەم وەك ئازاردانێكی دەروونی بۆیان .لەهەمان كاتیشدا هەموو پرۆژە بونیات گوزارییەكانیشی بەناوی خۆیەوە ناودەنا وەك نەخۆشخانەكانی صەددام وشارۆچكەی صەددام و پرۆژەیئاودێری صەددام و. هتد كە ئەم ناوانەش هەمووی لە لایەن سەركردایەتی كوردییەوەگۆڕرا بۆ ناوی تری وەكو ئازادی و ڕزگاری و. هتد

 بەڵام بەنیسبەت هەڵمەتەكانی جینۆسایدەوە نەك هەر ناوەكە وەكو خۆی دەهێڵرێتەوە بەڵكو هەوڵ دەدەن هەمیشە وشەی بەدناوەكانیشی پێوە بلكێنن و بڵێن (ئەنفالە بەدناوەكان)!.

19- دژایەتی كردنی ناوی ئیسلامی بەبیانوی ئەوەی كەناوی عەرەبین.

20- ڕێگەدان بەهەندێ كەسی ناحەز بەدین بیرو بۆچونی دژ بە ئیسلام بیرو بۆچونی خۆیان بڵاو بكەنەوە لەڕێگەی میدیاكان و وەزارەتەكانی ڕۆشنبیری و پەروەردەو خوێندنی باڵا و هتد .

21- قواستنەوەی هەڵەیئیسلامیەكان یان هەركەسێك بەناوی ئیسلامەوە شتێكی نەگونجاو بكات بۆهێرش بردنەسەر ئیسلام وناشرین كردنی وەك مەسەلەكەی شێخ زانا كەتەنها لەبەر ئەوەی ناوی شێخی لەخۆی ناوە یان ناوی خۆی ناوە ئیسلامی هەموو ڕۆژێگ باس دەكراو دەوروژێنرا لە كاتێكدا كە سادەترین كەس دەزانێت ئەوشتانەی دراونەتەپاڵی هیچی لەئیسلامدا ڕێی پێنەدراوەوحەرامەو گوناهی گەورەیە وەكو نێربازی وئیغتیصابی ئافرەت وكوشتنی كەسانی بێتاوان ودزی وجەردەیی ومەشروب خۆری و. هتد. لەجیاتی ئەوەی هەڵوێستی ڕاستەقینەی ئیسلام لەوشتانە بخرێتە ڕوو و بە خەڵكی بگوترێت كەئەم ئایینە دوورە لەم جۆرە كەسانە و لەم جۆرە كردەوانە، كەچی پێ لەسەر ئیسلامییەتی شێخ زانا دادەگرن ودەیانەوێ وا بیهێننە بەرچاوی خەڵكی كەئەمانە گروپێكی ئیسلامین سەرەڕای ئەوەی كەزۆرێك لەهاوكارەكانی كەسانی سەر بەحیزبەكانی تر بوون وەخۆشی پەیوەندی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حیزبی وحكومیدا زۆر بەهێز بوو وەدەرگای بۆواڵا بوو بچێتە لای هەر بەر پرسێكی حزبی و حكومی!.ئەگەر ئەو كردەوانەی بەناوی حزبێكەوە بكردایە كەهەرچەند ئەوحزبە مەسەلەی مەشروب خۆری و زینا و نێربازی بەلاوە ئاسایی بێت كەچی یەكسەر بێبەرێتی ئەو حزبەیان لەوجۆرە كەسانەو لەوجۆرە رەفتارانە ئاشكرا دەكرد!.ئەی بۆچی بۆ ئیسلام كەسەر تاپای كردەوەكانی ئەوگروپە دژی رێنماییەكانیەتی و گوناهی گەورەن و حەرامن ئاوهاشتێك نەكراو ناكرێت ئەگەر مەبەست ناشرین كردنی ئیسلام نەبێت بەدەستی ئەنقەست؟.

22- بانگهێشت نەكردنی پسپۆرانی ئایینی بۆقسەكردن لەسەر ئەوشتانەی بەناوی ئیسلامەوە دەكرێت بۆئەوەی ڕا و هەڵوێستی ئیسلام لەوشتانە بخەنەروو، بەپێچەوانەوە ئیكتفا دەكەن با بانگهێشت كردنی كەسانی چەپ و عەلمانی و ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان ئەو كەسانەداو ئەوانیش بەئارەزووی خۆیان و بەبێ مەقەستی چاودێر شتەكان تێكەڵ دەكەن و بەراست و چەپدا هێرش دەكەنە سەر ئیسلام وهەوڵی ناشیرین كردنیدەدەن.

23- بایەخ نەدان بە مزگەوتەكان بەتایبەت لەڕووی خزمەت گوزارییەوە، مزگەوتێك نابینی كۆندشن و سپلتی تێدا بێت یان موەلیدەیەكی كارەبای گەورەی بۆ دابین كرابێت لە لایەن دەوڵەتەوەتوانای كار پێ كردنی ئەو جۆرە دەزگایانەی هەبێت لە كاتێكدا كەدائیرەو دەزگای دەوڵتی نییە موەلیدەی گەورەی بۆ دابین نەكرابێت، ئەمەش ئەگەر نەشچێتە خانەی دژایەتی كردنی ئیسلامەوە دەچێتە خانەی بێ نرخ تەماشاكردنی ئیسلام و پەرستگاكانی ئیسلامەوەبە پێچەوانەی پەرستگای ئایینەكانی تر كە زۆر لەوە زیاتر خزمەت دەكرێن .شایانی باسە رۆژانی هەینیش كە كاتی كۆ بوونەوەی موسڵمانانە وتەنانەت لە كاتی خوتبەو نوێژی هەینیشدا كارەبا بۆ مزگەوتەكان دابین ناكرێت، نەك هەر ئەوەندەش بەڵكو ساردترین شوێن لە زستان وگەرمترین شوێن لە هاویندا مزگەوتەكانن.!

24- سنوور دانان بۆ كردنەوەی مزگەوت لە كوردستاندا، بە واتایەكی ڕوونتر: ڕێگە گرتن لە كردنەوەی مزگەوت ئەویش لە ڕێی دانانی مەرجی قورس و نالۆژیكی بۆ كردنەوەی مزگەوت وەكو ئەوەی كە هیچ مزگەوتێك كە ئێستا بەدوا دەكرێتەوە نابێ ڕووبەرەكەی لە هەزار مەتریدوجا كەمتر بێت، ئاشكرایە كە بەدیهێنانی ئەم مەرجە بۆ خێرۆمەندان زۆر ئەستەمە چونكە ئەو كاتە دەبێ ئەو خێرۆمەندە پێنج پارچە ئەرزی بە تەنیشت یەكەوە دەست كەوێت،ئەم كارەش زیاتر لە توانای حكومەت ولێپرسراوانی حكومیدایە كە خۆیان پێی هەڵناسن بە بەڵگەی ئەوەی كە هیچ كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێ كە دەوڵت دروستی دەكات لە نەخشەكەیدا دروستكردنی مزگەوت یان شوێنی مزگەوتی تێدا نییە.!بەڵگەیەكی تر ئەو بڕیارەی كە لەم دواییەدا بەسە ر ئە نجومە نی باریزكاكانی هە ر سی باریزكای دهوك و هە ولیرو سلیمانی دا بڵاو كرایەوە كە تا ساڵی 2050 ز نابێ هیچ مزگەوتێكی تر لە كوردستاندا دروست بكرێت .شایانی باسە %99 ی مزگەوتەكانی كوردستان كە دوای ڕاپەڕین دروست كراون هی ئەو سەردەمەن كە بزوتنەوەی ئیسلامی هێزی هەبوو وە لایەنە دەسەڵاتدارەكان نەیاندەتوانی دەست بێننە ڕێگەیان و رابیتەو ئیغاسەی ئیسلامیو جە معیە ی سە لا می خیرخوازی بە ئازادی ولە ژێر سێبەری بزوتنەوەدا مزگەوتیان لە شاروشارۆچكەكانی كوردستاندا دروست دەكرد و چالاكی جۆراوجۆریان ئەنجام دەدا.

25-  هەنگاوێكی تر كۆنگرەی بەرەنگاربوونەوەی ئیرهاب و تیرۆر بوو كەوەزارەتی رۆشنبیری گرتی!.ئەوكۆنگرەیەی كەبەشێوەیەك بەڕێوەبرا لەهیچ شانۆ گەرییەكدا بەرێوەناچێت . ئەوكەسەی سەرو كاری كۆبونەوەكانی كرد كەسێكی بەر پرس بوو، عەلمانییەكانی لەهۆڵێكدا كۆكردبویەوە و مەلاكان و ئیسلامییەكانیشی لەهۆڵێكی تردا، هەریەكەو بەجیا گفتوگۆ لەسەر مەسەلەكە لەنێوانی خۆیاندا بكەن، شێخ موحسینی موفتی دەربارەی چۆنێتی بەرێوەچوونی كۆنگرەكە وتی : ئەوەی ڕوییدا ئێمەبەجیا لەهۆلێكدا گفتوگۆمان لەنێوان خۆماندا دەكرد وەكو ئەوەوابوو كەخورما ببەی بۆخاڵس !.لەوەش سەیرتر دوای تەواو بوونی دانیشتنەكان ئیزنیمەلاو ئیسلامییەكانیان دابوو بەبیانووی ئەوەی كە كۆبوونەوەكان تەواو بوون بۆئەوەی لەنێوان خۆیاندا دەنگدانەكە ئەنجام بدەن، كاتێك بینییان هەندێك لەوانە هەر ماونەتەوە دەنگ دانەكەیان دواخست تاكاتی نوێژی هەینی هات و مامۆستا و ئیسلامییەكان چوون بۆ نوێژی هەینی، لەوكاتەدا دەنگدانەكەیان ئەنجامدا و بەكۆی دەنگەكان پەسەند كرا !.

   ئەگەر تەماشای ناوەڕۆكی بڕیارەكانی كۆنگرەكە بكەی گومانت   نامێنێت لەوەی كە بۆئەوە دانراوە كەنەك هەر ڕێگە لە هەموو چالاكییەكی    ئیسلامی بگیرێت لەكوردستاندا بەڵكو ڕێگە لەدینداریش بگیرێت .  

   ئەمانە هەندێكن لەوڕێگایانەی گیراونەتە بەر بۆ لە ئیسلامكردنی  كورد، ئیتر ئەگەر دوای ئەوە كەسێك هەبێت بڵێت ئیسلام هیچ مەترسییەكی  لەسەر نییە یان هیچ كێشەیەكی نییەلەكوردستاندا ئەوكەسە یاناشارەزایە  بەئیسلام یان موسوڵمانێكە ئاگای لەدونیا نییە و نازانێ چ باسە وەیا كەسێكە حەز بەو كارە دەكات یان خۆی بەشدارە تێیدا وە یان كەسێكە ئەو شتانە دەزانێت بەڵام لە بەر بەرژەوەندییەك نكۆڵی لێدەكات .

ئەوانەی پرۆژەكەیان گرتۆتە ئەستۆ :

لە راستیدا ئەوەی هانی ئەم پرۆژەیە دەدات و زەمینە سازی بۆ دەكات و ئاسانكاری بۆدەكات و نەخشەی بۆ دەكێشێت لایەنی دەسەڵاتدارە لەڕێگای دامودەزگاكانی دەوڵەت و حیزب و ڕێكخراوە پیشەیی و جەماوەریەكان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و پەروەردەو خوێندنی باڵا و سەنتەرەكانی چالاكی ژنان و گەنجان و دەزگاكانی راگەیاندن لە رۆژنامەو گۆڤارو تەلەفزیون و سەتەلایت و كۆڕو سێمینارەكان و تۆڕی ئینتەرنێت و تەنانەت وەزارەتی ئەوقافیش!.

بەكورتی زۆربەی دامودەزگاكان بەشدارن لەم پرۆسەیەدا لە گەڵ خەفە كردنی دەنگی بەرامبەر و تەسك كردنەوەی مەودای جوڵانەوەی ..

ئەوانەیشی كە راستەوخۆ هەڵدەستن بە ئەنجامدانی ئەم كارە بەپلەی یەكەم بریتین لە كۆنە چەپەكان و ماركسیەكان، ئەوانەی كە لەماركسییەت تەنها دژایەتی ئایین و ئەو بەها ئەخلاقی و كۆمەڵایەتییانەی لە ئایینەوە سەرچاوە دەگرن بۆماوەتەوە.

ماركسییەت لەبنەڕەتدا بۆ دژایەتی كردنی سەرمایەداری و نەهێشتنی چینایەتی هاتە كایەوە و دژایەتی كردنی ئایین و ڕەوشت شتێكی لاوەكی بوو لەبەرئەوەی كە بەیارمەتیدەرو ڕێخۆشكەریان دەزانی بۆ چەوسانەوەی چینایەتی.بەڵام پاش هەرەس هێنانی بلۆكی رۆژهەڵات بەرامبەر بەئەمریكاو سەرمایەداری ماركسیەكان 180 پلە ئاڕاستەی خۆیانیان گۆڕی و چوونە پاڵ پڕۆژە ڕۆژئاواییەكە و بوون بەهاوكاری ئەمریكا، بەڵام هەڵوێستیان بەرامبەر بە ئایین و بەهاكان نەگۆڕاهەرچەند سەرانی ئەمریكا لە مەسیحییە پارێزگارەكانن كە لە هەموو مەسیحییەكانی تر پابەندترن بەئایینی مەسیحییەوە.

ئەگەر بمانەوێت كاریگەری ماركسییەت لەسەر ئایین و ڕەوشت و بەهاكان باس بكەین زۆری دەوێت بەڵام ئەوەندە بەسە كە بزانین هەرچی بێ دینی و بێرەوشتی و بەڕەلڵاییەك (لادانێك) دەبینی لەوڵاتانی ئیسلامیدا بەپلەی یەكەم ئەوان لێی بەرپرسیارن.( ئەمە ئەوە ناگەیەنێ كە خەڵكی تری بێ دین وناپابەند بە ئیسلامەوە نەبوون بەڵكو بە هەمیشەیی زۆر و كەم هەبوون بەڵام قەت نەبووە وەكو ئەمانە گاڵتە و سوكایەتی بە خواو پەیامبەران وقورئان و ڕۆژی دوایی و چەمكەكانی ئیسلام بكەن وشانازی بە بێ دینییەوە بكەن بەڵكو دانیان بە كەم تەرخەمی خۆیاندا ناوەوخۆیان بە شەرمەزار زانیوە بە پێچەوانەی ئەم ماركسییانەی كە نەك هەر شانازی بە بێ دینییەوە دەكەن بەڵكو بانگەشەشی بۆ دەكەن). زۆربەی ئەوانەی خۆیان بە لیبرالی دەزانن ڕۆژێك لە ڕۆژان بە بیرۆكەی ماركسییەت جۆش كراون. ئەم قسەیە ئەگەر بۆ سەرجەم جیهانی ئیسلامی بە تەواوی ڕاست نەبێت بۆ كوردستان وایە، ئەوەتا بەرد لە سەر هەر یەكێك لە مانەی كە دژایەتی ئیسلام دەكەن لە كوردستاندا هەڵدەیتەوە دەبینی رۆژێك لە رۆژان ماركسی بووە،هەرچەند ئەمرۆ بۆ دژایەتی كردنی ئیسلام پەنا دەبەنە بەر شتی تر، نەك مەسەلەی بوون ونەبوونی خوا، وەكو بیرۆكەی ناسیۆنالیستی ومەسەلەی سەربەستی ئافرەت ومۆدێرنیزمی وهتد لەودروشم و شتانەی بەكاری دێنن بۆ گەیشتنە مەبەست. من زیاتر قسەم لە سەر ئەم كۆمەڵە نووسەرەیە كەناوی خۆیانیان ناوە رۆشنبیر و ئاخێنراونەتە ناو دەزگاكانی ڕاگەیاندن و وەزارەتەكانی رۆشنبیری و پەروەردە و خوێندنی باڵاو لەوێوە ژەهرەكانی خۆیان دەڕێژن. ئەمانە كۆمەڵێكن هاوكار بەیەكەوە و بۆ یەكتری دەسەننەوە، ئەمیان شتێك دەنوسێت یان وەریدەگێڕێتە سەر زمانی كوردی ئەوی تریان پێشەكییەكی بۆ دەنوسێت وبە شان وباڵیدا هەڵدەدات و وەسفی دەكات بەوەی كە تا ئێستا لێكۆڵینەوەی وا زانستی و ئینصافانە بەكوردی نەنوسراوە، وەكو ئەوەی هەرچی ناحەزانی ئیسلام دەربارەی ئیسلام نوسیبێتیان هەمووی زانستیو بێلایەنانەیە،لە كاتێكدا نە نوسەر كەسێكی ناسراوە بەوەی كە كەسێكی بیرمەند بێت وە نە كاكی پێشكەشكار. ئەمەش وات لێدەكات گومان ببەیت بەوەی كە ئەم جۆرە كەسانە دەستێكیان لە پشتەوە بێت و یارمەتییان بدات یان نەخشەیان بۆ بكێشێت، هەرچەند لە پێشەكی زۆرێك لە كتێبەكان وناوەڕۆكی هەندێكیاندا بە بەرگری كردنیان لە جولەكەو تۆمەتباركردنی ئیسلام بەوەی كە قەسابخانەی بۆ دروست كردون دەردەكەوێت كە چ دامودەزگایەكیان لە پشتەوەیەو كێ دەیانجوڵێنێت.

ئەوەی ئەمرۆ لە كوردستاندا دەنوسرێت وبڵاو دەكرێتەوە دەربارەی خواو قورئان وپەیامبەر و چەمكەكانی ئیسلام شتێكی تازە نییە بەڵكو لە مێژە دەستی پێ كردوە و ئەو بوارانەی كە دوژمنان وناحەزانی ئیسلام لە سەری نوسیویانە هەمووی بڵاو كراوەتەوەو وەڵامیش دراونەتەوە و نوسەرە ئیسلامییەكان بە ڕەگ و ڕیشەی ئەو رەخنانەدا چونەتە خوارەوە و هەمویان پوچەل كردۆتەوە و پاڵنەرەكانی پشتەوەی هەموو ئەو رەخنەو رەخنەگرانەیان خستۆتە ڕوو و ئاشكرایان كردووە بۆخەڵكی، تەنها ئەوەندە هەیە كە ئەو جۆرە نوسین و رەخنانە نەگەیشتونەتە كوردستان ولە ناو كورددا بڵاو نەبونەتەوەو نەزانرابون،ئیتر ئایا لە بەر ئەوەیە كە كورد لەو ماوەی ڕابردووەدا زیاتر خەریكی ململانێی نەتەوەیی بوو یان نەبوونی ئازادی بوو وەیا كەمی ململانێی فكری و ئایدیۆلۆژی بوو لە كوردستاندا وە یا ململانێی سیاسی و چەكداری بوو كە پشكی سەرەكی بەر كەوتبوو و ئەوانی تری بە شێوەیەكی كاتی شاردبوویەوە ...

ئەوەی راستی بێت لەپێش ڕاپەڕیندا نەبوونی ئازادی ڕۆڵی هەبوو بەڵام پاش ڕاپەڕین شەڕی ناوخۆ و بوونی هێزێكی ئیسلامی چەكداری ڕێگربوون لەبەردەم دەركەوتنی ئەم جۆرە گوتارە . بەڵام دوای تێكشكانی ئەو هێزە چەكدارییە ترسەكان ڕەوینەوە و هەوڵەكان بۆ ڕوخاندن و لە ڕیشە دەرهێنانی ئەو بناغەیەی ئەوهێزە ئیسلامییە چەكداری و تەوژمە ئیسلامییە سیاسیەی لەسەر دروست بوو بوو وەگەڕخران .

هەندێك پێیان وایە ئەم هێرشە بۆ سەر ئیسلام كاردانەوەیەكە بۆ ئەو ماوەیەی شەڕی نێوان چەكدارە ئیسلامییەكان و لایەنەكانی تر و ئەو وێنە ناشرینەی هەندێك لەو ئیسلامییانە نیشانیانداوە لەوماوە ڕابردووەدا. وەیا كاردانەوەیەكە بۆ ئەو ستەمەی ڕژێمی ناسیۆنالستی شۆڤێنی عەرەبی دەیكرد بەرامبەر بە كورد لە ژێر ناو و زاراوەی ئیسلامییدا وەكو ناونانی بەندینخانەكان و هێزەكانی سوپا و هەڵمەتەكانی بێ سەروشوێن (جینۆساید) كردن بەناوی ئیسلامیی وەكو بەندینخانەی خالید و هێزەكانی صدیق و فاروق و هەڵمەتەكانی ئەنفال و هتد....

من لەكاریگەری ئەم دوو هۆكارە كەم ناكەمەوە، بەڵام هۆكاری سەرەكی بەلامەوە ئەو بیرو بۆچوونە چەپی و ماركسییە بوو كە هەندێك لەسەركردەكانی حزبە كوردستانییەكان هەڵیان گرتبوو وەئەو ڕێبازە ماركسییە بوو كەدەیانویست لەڕێگەیەوە كورد ڕزگار بكەن، ئەم ڕێبازەی كەخۆی لە خۆیدا دژی ئاین و بەهائەخلاقییەكانی ناو ئەو كۆمەڵگانەیە كەكاریگەری ئایینیان لەسەرە بەتایبەتی ئیسلام .

بەڵگەشم لە سەر ئەم قسەیە رەفتار و هەڵس وكەوتی هەندێ لە ئەندام وكادیری هێزە كوردستانییەكان (بتایبەت چەپەكان) بوو لە سەرەتای هەشتاكاندا كە هێشتا نە دێهاتەكان راگوێزرابونەوە و نە كیمیا باران كرابووین و نەش ئەنفال كەچی ئەمانە مزگەوتەكانیان دەكردە بنكەو بارەگاو تێیدا دەخەوتن وڕێگەی خەڵكیان نەدەدا نوێژیان تێدا بكەن وقورئانیان دەدڕاند وئاگریان پێدەكردەوە و بە بەرگی قورئانەكان ئاگریان خۆش دەكرد و سوكایەتییان بە میحرابەكان دەكرد و دەیان شتی تری لەو بابەتە كە خەڵكی لادێكان شایەتن لە سەری .

كەواتە ئەم لایەنانە پێش ئەوەی حزبی بەعس دەست بەو كارانە بكات هەڵوێستی دژ بە ئیسلامیان هەبوو وە لە بەرنامەیاندا بوو ئیسلام لە ناو كورددا نەهێڵن و خۆیان وتەنی بیكەن بەو دیوا، وە ئەوەی كە حزبی بەعس كردی یان ئەو شەڕە ناوخۆییانەی لە گەڵ بزوتنەوەو تەوحید و ئەنصاردا و ئەو مومارەسە هەڵانەی ئیسلامییەكانبە گشتی كردیان زەمینە خۆش كەرێك و یاریدەدەرێك بوو بۆیان بۆ ئەوەی جەماوەر ڕەش بین بكەن بەرامبەر بە ئیسلام و هانیان بدەن لێی .

سەرەتا قسە لە سەر لایەنە ئیسلامییەكان دەكرا، وەڵام دانەوەی ئەو تۆمەت وتۆمەتانە كەوتبوە ئەستۆی ئەو لایەنانەی هێرشیان دەكرایە سەر هەرچەند لەراستیشدا مەبەست ئیسلام بوو چونكە رقی ئەو لایەنانە لە ئیسلامیشە نەك تەنها لە ئیسلامییكان بەڵگەش ئەم نوسینانەیە كە لەم دواییەدا دەرچوون وئەو هێرشە بێوچانەی دەكرێتە سەر مێژوو و چەمكەكانی ئیسلام، لەگەڵ ئەوەشدا وەڵامدانەوەیان بەپلەی یەكەم لەسەر ئەو ئیسلامییانە بوو .

بەڵام ئێستا كەتیرەكە ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی ئیسلامكراوە، پێویست دەكات

لەسەر هەرچی دڵسۆز و قەڵەم بەدەست و خاوەن هیزری ئیسلامی هەیە ڕا بداتە مەیدان و مەسئولییەتی بەرگری كردن لەم ئایینە پیرۆزەی خودا پێی بەخشیوین بگجرنە ئەستۆ و ڕاستییەكانی ئیسلام و شێواندن و چەواشە كارییەكانی دوژمنانی ئیسلامیش بۆ میللەتی كورد ئاشكرا بكەن .

 

دوژمنانی ئیسلام شەڕی سەربازی و بەگژا چوونی سەربازییان لەگەڵ موسوڵماناندا تاقی كردەوە وەكو شەڕەكانی هەڵگرانی خاچ و ئیستعماری نوێ

كەیەكەمیان زیاد لە دوو سەدەی خایاند و دووەمیشیان نزیكەی سەدەیەك بەڵام سەركەوتنیان بەدەست نەهێنا، بۆیە ڕوویان كردە شەڕی فكری و

ئایدیۆلۆژی بەو ئاواتەی ئەوەی كە لە بواری سەربازیدا بەدەستیان نەهێنا لەم بوارەدا بەدەستی بێنن . ئەم هێرشەش زیاد لە سەدەیەكە دەستی پێكردووە

سەرەتا لەڕێگەی قەشە و ڕۆژهەڵات ناسەكانەوە و پاشان لەڕێگای ئەو موسوڵمانانەی لەسەر دەستی خۆیان پێیان گەیاندن و دواتریش لە ڕێگای ئەو دەسەڵاتەی هەیان بوو سەركردایەتی ئاییندەی سیاسی و هزری و ڕۆشنبیری و

پەروەردەیی ئەم میللەتانەیان لێ پێك هێنان و دوای خۆیان دەسەڵاتیان دایە دەستیانەوە بەو هیوایەی كە ئەگەر لەڕێگای بزافە ڕزگاری خوازەكانی ئەو سەردەمە كە ئیسلام ئاڕاستەی دەكردن لەدەرگاوە كرانە دەرەوە ئەم سەركردانە لەپەنجەرەوە بیانكەنە ژوورەوە .

بەڵام پێدەچێ (هەرواشە) ئەم هەوڵەشیان وەكو ئەوانی پێشو بە فێڕۆ بچێت،شایەتیش بارودۆخی ئێستای جیهانی ئیسلامییە كە تێیدا وردە وردە لایەنە عەلمانییەكان دەبێزرێن لای خەڵكی ولایەنە ئیسلامییەكان سەرەڕای ئەو هەمووفشارە سیاسی وئیعلامی وكۆمەڵایەتی وئابورییەی لە سەریانە هەر بەرەو پێشتر ئەچن وخەڵكی زیاتر روویان تێ دەكەن. ئەمەش شتێكی چاوەڕوان نەكراو نییە چونكە ئەو بەرنامەیەی رۆژئاوا پێیەتی جگە لە بەدەست هێنانی خۆشی ورابواردنی جەستەیی هیچێكی تری پێ نییە بۆ رۆح ودەروونی مرۆڤایەتی كە بە پلەی یەكەم بەمەیان بەختەوەر دەبێت نەك بە تێر كردنی ئارەزووە جەستەییەكان .جگە لەوەی كە رۆژئاوا خۆی ئەمرۆ لە زۆنكاوی بێ رەوشتی وئیباحییەت ولادانی سێكسی وتلیاك خۆری وهەڵوەشانەوەی خێزان وبڵاوبوونەوەی سەدان نەخۆشی دەروونی وسێكسی و ئەخلاقیدا گەوزاوەتەوەونازانێ چۆن خۆی لێ دەرباز بكات.

زۆر بەدڵنیاییەوە دەیڵێم و حەزیش دەكەم دڵسۆزان و غەمخۆرانی ئیسلام دڵنیا بكەمەوە لەوەی كە دوژمنانی ئیسلام لەم خولەشدا شكسن دێنن و بە هیچ ئەنجامێك نابن، بەڵكو ئەنجامی كارەكەیان پێچەوانە دەبێتەوە ((ان الژین كفروا ینفقون أموالهم لیصدوا عن سبیل الله فسینفقونها پم تكون علیهم حسرە پم یغلبون . والژین كفروا الی ربهم یحشرون )) .

ئەمەش لەبەر ئەوەی كە ئیسلام لە كەشو هەوای ئازاد و لە ڕووبەروبوونەوەی هزریدا زیاتر گەشە دەكات چونكە لەسەر بناغەیەكی پتەو لەعەقیدە و بیر و بۆچوونی ڕاست وەستاوە كەهیچ ڕێبازێكی تر نەتوانێت خۆی بگرێت بەرامبەری، بەڵگەش لەسەر ئەم قسەیە زۆرە تەنها ئاماژە بۆ دوانیان دەكەم :

یەكەم : ژمارەی موسوڵمانان لەپاش گرێبەندی ئاشتی حودەیبییە تا فەتحی مەككە كە دەكاتە دوو ساڵ دە هێندەی ئەو هەموو ساڵەی پێشوو كە دەیكرد (19) ساڵ زیادیان كرد .

دووەم : دان پێدانانی هەموو چاودێران بەوەی كە ئیسلام لەهموو ئایینێك و بیرۆكەیەكی تر خێراتر و ئاسانتر بڵاو دەبێتەوە بەتایبەت لەم سەر دەمەدا .

 

 هۆكارێكی تر كە یارمەتی پوچەڵبوونەوەی پڕۆژەی لە ئیسلام كردنی كورد دەدات خودی ئەوكەسانەن كەبەو پڕۆژەیە هەڵدەستن، چونكە گەر هەمووشیان نەبێت زۆربەی هەرە زۆرییان كەسانی هەلپەرست و نەفعین و بەرد لەسەر هەركامێكیان هەڵدەیتەوە كۆمەڵێك بۆگەنی لێدەر دەكەوێت.

باسی مافی ئافرەت دەكەن و رەخنە لە فرە ژنی دەگرن كەچی خۆیان زیاد لە یەك ژن دێنن و مافی ژنەكانیان پێشێل دەكەن وخیانەتی زەوجی دەكەن و ژێراو ژێر پەیوەندی ناشەرعی لەگەڵ دەیان ئافرەتدا دەكەن .

باسی نیشتمان پەروەری و نەتەوە پەروەری دەكەن كەچی هەركامیان دەسەڵاتێك پەیدا دەكات دزی و ناحەقی دونیای پێدەكات و بۆ بەرژەوەندی تەسكی خۆی و كەسوكار و دار و دەستەكەی بەكاری دێنێت .

باسی سەروەری یاسا دەكەن كەچی خۆیان پێش هەموو كەسێك و بە رۆژی نیوەڕۆ یاسا پێشێل دەكەن و هیچ حیسابێكی بۆ ناكەن .

باسی دیموكراسی دەكەن كەچی بە نهێنی وبە ئاشكرا خەریكی تەزویر و كڕینی دەنگ و تۆقاندنی خەڵكی و نەیارەكانن، و كو ئەوەی جیاوازی نێوان دیموكراسی و تاك رەوی ئەوە بێت ئەمیان لەرێگەی هێزەوە هەڵكوتێتە سەر كورسی وئەوی تریان لە رێگەی هێزەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بگۆرَێت،واتە دیموكراسییەتەكەی تاكرەەوییەكی تەزویرەوزیانیشی لەو زیاترە چونكە رەوشت ودەروونی خەڵكی تێك دەدات وتەزویر كردن دەكاتە شتێكی زۆر ئاسایی وای لێ دێت لە هەموو بوارەكانی ژیاندا بەكار بهێنرێت .

هەر پرۆژەیەكی ئابورییان دەدەیتە دەست جارێپێش هەموو شتێك بیر لەوە دەكەنەوە چەندی لێ بخۆن وچەندی لێ گل بدەنەوە بۆ خۆیان.

دەیانكەیتە لێپرسراوی رێكخراوە پیشەیی و رۆشنبیری و جەماوەرییەكان پڕی دەكەن لە فەسادی ئیداری و ئەخلاقی و ماڵی و هتد.

ئەمەش سەیر و چاوەڕوان نەكراو نییە چونكە زۆربەی ئەو جۆرە كەسانە خەڵكانێكی هەلپەرست و بە مەبەستی خۆ پێگەیاندن و گیرفان پڕ كردن و رابواردنی خۆیان ئەو پۆستانە وەردەگرن و ئەوەی لە خەیاڵیاندا نەبێت میللەت و نیشتمانە .

كەواتە لە ململانێیەكدا لە نێوان ئیسلام كە هێزەكەی خۆییە و لە ڕاستییەكەیدایە و دوژمنانێ كە هێزەكەیان دەرەكییە سەرئەنجام هەر بۆ یئسلام دەبێت سبەینێش بۆ چاوەڕوانانی نزیكە..