چەند تابلۆیەكی كەلتووری شارەكەم "شاری كەركوك"
د. محمد سید نوری بازیانی
كاتێ ئێمەی كەركووكی باسی كەلتور دەكەین، زۆر یادگاری دێتە یادمان، بەتایبەت كەلتوورگۆڕین لەلایەن ناحەزانی ئەم شارە دێرینە، ئەو كەلتورانەی كە لە هزری كەركوكیەكاند داكوتاوەو لە یادی ناكەن.
ئێمەش وەك كەركووكیەك كاتێ باسی كەلتووردەكەین چەند تابلۆیەك دێتە یادمان، ئەوا لێرەدا باسی هەندێكیان دەكەین:
تابلۆی یەكەم:
تۆڕی ئاوی جۆگەی یاروەلی كەركوك: كە بەداخەوە ئێستا شوێنەواری نەماوە. ئەم تۆڕە ئاوە هەر لە دێرین زەمانەوە سەرچاوەی سەرەكی ئاوی خواردنەوەی كەركوكیەكان بووە، بنەوانەكەی لە گوندی یاروەلییەوە دەهات تاكو دەگەیشتە گەڕەكی زێویە و ئیمام قاسم و لە وێشەوە بەرەو گەڕەكی بڵاغ نزیك قەڵای كەركوك، چەندەها ئاشی بەگڕدەخست، دیمەنێكی یەكجار جوانی بەشاری كەركوك دەدا، تەنانەت ئاشی شابەندەر كە بەیادم دێت چۆن دانیشتوانی گەڕەكەكانی ئەم شارە دێرینە گەنم و جۆیان لە ووڵاغەكانیان دەناو بەرەو ئاش دەیانبرد، چۆن و چاكی و ماندوونەبوونیان لەیەك دەكرد.
باوكم سید نوری زۆرجار بۆی باسدەكردم، كە باوكی سید ئەحمەدی سید عبدالله سەرپرشتیاری ئەم تۆڕە ئاوە بوو، هەر لەسەردەمی عوسمانیەكانەوە، تەنانەت كاتێ دەوڵەتی مەلەكیی عیراقیش دروست بوو، هەر لە شوێنی خۆی مایەوەو بەردەوام بوو.
ئەم جۆگە ئاوە دیمەنێكی زۆر جوانی بە شاری كەركوك دابوو، تا رادەیەكیش دیمەنەكە شارستانی بوو، چونكە زۆربەی دانیشتوانی نزیك ئەم تۆڕە ئاوە بە ئێمەی منداڵیشەوە وا پەروەردە كرابووین كە ئەم ئاوە بە پاك و خاوێنی راگرین و پیسی نەكەین . چونكە فێریان كردبووین ئەم ئاوە بۆ خواردنەوە بە كار دێت جگە لەوەی بە جەوەنەو سەتل ئاویان دەبرد بۆ ئەوەی جل وبەرگ و قاب و قەچاغی پێ بشۆن.
تابلۆی دووەم:
كەركووك بەناوبانگ بوو كە باغی زۆر بوو وەك سەیرانگاو جێگای خویندن بۆ قوتابیان سوودیان لێوەردەگیرا، تەنانەت هەندێ جاریش وەك نەمامگا. بەڵام بەداخەوە سیاسەتیبەعسیەكان زۆرێك لەم شوێنەوارە شارستانیانەیان لە شاری كەركوك سڕییەوە، تەنانەت ئەو باغچانەیلەسەردەمی عوسمانی و دەوڵەتی پاشایدا بنیات نرابوو. واتا وەك ئەوەی كۆماری دژ بە هەموو شارستانیەتێكی ئەم شارە بێت. تەنانەت تەنها لە گەڕەكی زێویەی كەركووك دوو باغچەی بەرامبەر یەك هەبوو، كە بۆ حەسانەوەی هاوڵاتیان بەكاردەهێنرا، هەروەها جێگایەكی زۆر چاك بوو بۆ ئێمەی قوتابیان كە وانەكانمان بخوێنین و خۆمان ئامادە بكەین بۆ تاقینوەكانی نیوەی سال و سەری سال، تەنانەت جێگایەكی گەلێك خۆش بوو بۆ وێنەگرتن لەناو ئەو گوڵە رەنگاو رەنگانەی كە بە بۆنە خۆشەكانیان ئەو ناوەیان پڕكردبوو، تەنانەت هەستێكی ئەوتۆ لەلای ئێمە دروست بووبوو كە ئەم گوڵە رەنگاو رەنگانە نابێت لێبكەینەوە چونكە هێمای جوانیە، وەئەگەر جارجاریش زۆر ئارەزووی ئەو گوڵانەمان بكردبایە ئەوا خۆمان دەچەماندەوەو تێر بۆنمان دەكرد. بەڵام بە داخەوە لەسەردەمی بەعسدا حدیقەی لای قەبرسانەكەیان گوێر كردەوە بەهۆی ئەوەی كارمەندەكانیان گواستەوە بۆ شوێنی تر. هەموو دارەكان ووشك بوون لەبەر بێ ئاوی وبێ خزمەتی، پاشانیش شوێنەكەی كرا بە قوتابخانە..
باغێكی تر لەو باغانەی شینەواریان نەما چوار باغ كە بە یادم دێت دوو شێری لەبەرد دروست كراو لەمبەرو ئەو بەری دەرگا گەورەكەیدا بوو، هەمە جۆر دارو گوڵ گوڵزاری تێدا بوو، تەنانەت چڕی دارەكانی وای لە دڵ و دەرونی ئێمەی مندالدا بە شێوەیەك دروستكردبوو كە ئێمە لە جەنگڵستانین، بەڵام بە داخەوە ئەم باغەش لەلایەن بەعسەكانەوە خاپووركراو لەسەر نەخشەی شارەوانی نەما.
ئەوا هەر باسی باغە هەڵواسراوەكەی قەڵای كەركوك ناكرێت كە چ سیمایەكی شارستانی بە شارەكە دابوو، تەنانەت وەكو دەوترا لە ( جنائن معلقە) ی بابل دەكرد. بەڵام ئەم شوێنەواریە كەلتووریەش سڕایەوە، تەنانەت دارەبەرزەكانی پاپیلكەكانیش ووشك بوو.
ئەی باخچەی مەجیدیەو گاورباغی كە ئەمانەش حاڵیان لەوانی دی باشتر نەبوو...
تابلۆی سێیەم:
كۆشكی خادم سوجادە كە یەكێكە لەو كۆشكە كەلتوریانەی كە خەڵكی كەركوك بۆ تەبەروك بە بەرماڵی پێغەمبەری نازدار صلی الله علیە وسلم زیارەتیان دەكرد، وەك مەتحەفێكی ئەهلی وابوو تەنانەت خەڵكانێك نەك بەس خەڵكی كەركوك بەڵكو خەڵكانێك لە زۆربەی شارەكانی عیراق و ئیرانیشەوە دەهاتن بۆ زیارەتی. بەڵام حكومەتی بەعسی كاتێ زانیتی ئەم كۆشكە سیمای حەزارەتی ئەم شارەو رەسەنایەتی كوردایەتییە، سەردان و زیارەتی ئەم كۆشكەی قەدەغە كرد. بەمەش شارەكەمانی بێبەش كرد لە بە یەكگەیشتنی شارستانیەكان.
تابلۆی چوارەم:
دانیاڵ پێغەمبەر مەزارگایەك بوو، لە قەڵای كەركوك، كە مێژووەكەی بۆ هەزارەها ساڵ لەمەوپێش دەگەڕایەوە، رژێمی بەعس بە بەهانەی گەڕان بە شوێن ئاسەواردا لە هاوڵاتیانی كەركوك و خەڵكی جیهانی قەدەغە كرد، بە مەبەستی گۆڕینی سیمای شارەكە، تەنانەت لە پڕۆژەیدا هەبوو، ئەو قەڵا بەرزە لەگەڵ زەویدا یەكسان كات، شوێنێك پێی بووترێ قەڵا لە كركوكدا نەمێنی، ئەوە بوو بۆ ئەو مەبەستە، سەرەتا قەڵای چۆڵكرد لە دانیشتوانی، پاشانیش بە بلدۆزەرو شوڤل كەوتە جەستەی قەڵا، بەڵام خۆشبەختانە UN و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی شوێنەوارناسی جیهان كەوتنە هەڵا لێ و ئەم نەخشەگڵاوەی بۆ نەچوە سەر، ئەگینا ئیستا ئەو قەڵایەی سیمای شارستانی شاری كەركوكە نەدەما، ئەگەر چی پاش رزگاربوونیشی، هێشتا هیچی بۆ نەكراوە.
تابلۆی پێنجەم:
كەركوك لە گشت شارەكانی تری كوردستان رۆشنبیری تێیدا لە پەرەسەندندا بوو، تەنانەت بۆ نموونە، لە پەنجاكان و شەستەكاندا سینەما و شانۆ رۆشنبیریەكی چاكی بە خەڵكی دەدا، لە كەركوك لە هەموو شارەكانی تری ناوچەكە سینەما زیاتر بوو وەك سینما عەلەمین و سینەما حەمراء سینەما خەیام و سینەما ئەتلەس و سینەما صلاح الدین، تەنانەت سینەمای هاوینانەش لە كەركوك هەبوو، كە لە هیچ شاریكی دی كوردستان نەبوو. ئەم سینەمایانە نمایشی تازەترین فلیمی هۆڵێودو قاهیرەو بیروتیان دەكرد، چی وەك فلیمە مێژوویەكان چ وەك فلیمە كۆمەڵایەتیەكان چ وەك فلیمە سۆزداری و عاتفیەكان. بەڵام زۆرێك لەم سینەمایانە لەسەردەمی رژێمی بەعسدا نەما. تەنانەت ئێستا وەك كەلتورێكیش باس ناكرێت.
بە یادم دێت ئەم سینەمایانە ڕۆلێكی زۆری بوو لە رۆشنبیریكردنمان لەلایەنی هیزری و زانینی مێژووی میللەتان و ئەو جەنگانەی كە رووی داوە و چۆن شارستانیەكان دارووخاوە.
ئەوە هەر باسی كتێبخانەی گشتی كەركوك ناكرێ كە چەند دەوڵەمەند بوو بە كتێبی بەنرخ كە مەگەر هەر لەم كتیبخانەیەدا ئەو جۆرە پەرتوكە بەنرخانە دەست بكەوتبایە، تەنانەت ئەو كتێبخانەیە جمەی دەهات لە خوێنەرو توێژەر، بە یادم دێت ئێمە كیتابی ( ماجدولین و نظرات وعبرات)ی (مصطفی لطفی منفلوطی) مان لەوێ وەردەگرت و دەمانخویندەوە لە كاتێكدا ئێمە لە پۆلی شەشی سەرەتای بووین، كە ئێستا دەرچووی كۆلێجی پەروەردە زمانی عەرەبی وەك ئێمە لێ ی نازانێ تێی ناگات. واتا ئاستی زانیاریمان بەڵگە بوو لەسەر رۆشنبیری ئەم شارە، بەڵام بەداخەوە ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە شورە دەورگیراو و بەند كراوە، بە بەهانەی پاراستنی ئەمنی پاش رزگار كردنی عیراق یان داگیركردن.